1 Samuel 4:11-22

11سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.

مردنی عێلی

12پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو. 13هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.

14عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟»

ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند.
15عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو. 16پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.»

عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟»

17هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»

18جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

19بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا، 20لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.

21منداڵەکەشی ناو نا ئیخاڤۆد
(ئیخاڤۆد) واتا شکۆمەند نییە.‏
و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا»، لەبەر بردنی سندوقی خودا و مردنی خەزوور و مێردەکەی.
22هەروەها گوتیشی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.»

1 Samuel 5

سندوقی خودا لە ئەشدۆد و عەقرۆن

1فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد
شارێکی فەلەستییەکان بوو.‏
.
2ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن
واتا پەیکەری داگۆن.‏
دایاننا.
3جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە. 4بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە. 5لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ نانێن بەسەر سەکۆی بەر دەروازەکەدا.

6یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی
ئەم نەخۆشییە کە لە ڕێگای جرجەوە بووە، دەشێت تاعوونە ڕەشە بێت کە لووی لیمفاوی لەبن باڵ و بن ڕان دروستدەکات.‏
جەستەی کردن.
7کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.» 8جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە.

9بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن. 10ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد.

جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.»
11جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» لەبەر ئەوەی ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو. 12ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.

1 Samuel 6

سندوقی یەزدان بۆ ئیسرائیل دەگێڕنەوە

1جا سندوقی یەزدان حەوت مانگ لە خاکی فەلەستییەکان بوو. 2فەلەستییەکانیش کاهین و فاڵگرەوەکانیان بانگکرد و گوتیان: «چی لە سندوقی یەزدان بکەین؟ پێمان بڵێن لەگەڵ چی بینێرینەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.»

3ئەوانیش گوتیان: «ئەگەر سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلتان ناردەوە، ئەوا بە دەستی بەتاڵ مەینێرنەوە، بەڵکو بە تەواوی قوربانی تاوانی لەگەڵ بنێرن. ئینجا چاک دەبنەوە و دەزانن بۆچی دەستی لەسەر ئێوە هەڵنەگرتووە.»

4پرسییان: «ئەو قوربانی تاوانە چییە کە بۆی بگەڕێنینەوە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەپێی ژمارەی حوکمڕانە فەلەستییەکان، پێنج پارچە زێڕ لە شێوەی ئاوسان و پێنج جرجی
یان جورج.‏
زێڕین، چونکە خۆتان و حوکمڕانەکانتان تووشی هەمان دەرد بوون.
5چەند پارچە زێڕێک لە شێوەی ئاوسان و جرجەکانتان دروستبکەن کە زەوی تێکدەدەن و خودای ئیسرائیل شکۆدار بکەن، بەڵکو دەستی لەسەر خۆتان و خوداوەندەکانتان و خاکەکەتان سووک بکاتەوە. 6بۆچی دڵی خۆتان ڕەق دەکەن، وەک میسرییەکان و فیرعەون دڵی خۆیان ڕەقکرد؟ کاتێک خودا بە توندوتیژی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردن، ئایا ئیسرائیلییەکانیان ئازاد نەکرد و بە شوێنی خۆیاندا نەڕۆیشتن؟

7«ئێستاش عەرەبانەیەکی نوێ ئامادە بکەن، لەگەڵ دوو مانگای شیردەر کە هەتا ئێستا نیریان لە مل نەکرابێت. مانگاکان بە عەرەبانەکەوە ببەستنەوە و گوێرەکەکانیان لێ دووربخەنەوە و بیانگەڕێننەوە ناو پشتیرەکە
پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏
.
8ئینجا سندوقی یەزدان ببەن و بیخەنە سەر عەرەبانەکە، ئەو شتومەکە زێڕەی کە وەک قوربانی تاوان بۆی دەگەڕێننەوە لە سندوقێکی دیکەدا لەلایەوە دایبنێن. عەرەبانەکە بەڕەڵا بکەن با بڕوات، 9بەڵام سەیر بکەن ئەگەر هاتوو بە ڕێگای سنوورەکەی خۆی سەرکەوت بەرەو بێت‌شەمەش، ئەوا یەزدان ئەم بەڵا گەورەیەی بەسەرماندا هێناوە، ئەگەرنا ئەوا دەزانین کە دەستی ئەو لێی نەداوین و بە ڕێککەوت بەسەرمان هاتووە.»

10پیاوەکانیش بەم جۆرەیان کرد، دوو مانگای شیردەریان برد و لە عەرەبانەکە بەستیانەوە، گوێرەکەکانیان لە پشتیرەکە بەند کرد، 11سندوقی یەزدانیشیان لەگەڵ سندوقی پارچە زێڕەکان لە شێوەی ئاوسان و جرجە زێڕینەکان خستە سەر عەرەبانەکە. 12جا مانگاکان ڕێک ڕووەو ڕێگای بێت‌شەمەش ڕێیان گرتەبەر و هەردووکیان بە یەک ڕێگادا دەڕۆیشتن و دەیانبۆڕاند، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لایان نەدا، حوکمڕانە فەلەستییەکانیش بەدوایانەوە هەتا سنووری بێت‌شەمەش ڕۆیشتن.

13خەڵکی بێت‌شەمەش لەو کاتەدا لە دۆڵەکە دروێنەی گەنمیان دەکرد، چاویان هەڵبڕی و سندوقەکەیان بینی، بە بینینی شاد بوون. 14عەرەبانەکە هات و لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ڕاوەستا، لەوێدا بەردێکی گەورە هەبوو. خەڵکەکە تەختەی عەرەبانەکەیان هەڵوەشاندەوە و مانگاکانیان کردە قوربانی سووتاندن و بۆ یەزدان پێشکەشیان کرد. 15لێڤییەکانیش سندوقی یەزدان و ئەو سندوقەی لەگەڵی بوو کە شتومەکە زێڕەکەی تێدابوو دایانگرت و لەسەر بەردە گەورەکە دایاننان. ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەشیش لەو ڕۆژەدا قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاویان بۆ یەزدان پێشکەش کرد. 16پێنج حوکمڕانە فەلەستییەکانیش ئەمەیان بینی و لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە بۆ عەقرۆن.

17ئەمەش ئەو ئاوسانییە زێڕانە بوون کە فەلەستییەکان وەک قوربانی تاوان بۆ یەزدانیان گەڕاندەوە، بۆ ئەشدۆد و غەزە و ئەسقەلان و گەت و عەقرۆن، هەر یەکی دانەیەک. 18ژمارەی جرجە زێڕینەکانیش بەپێی ژمارەی ئەو شارانەی فەلەستییەکان بوون کە سەر بە پێنج حوکمڕانەکە بوون، لە شاری قەڵابەندەوە هەتا گوندی دەشتودەر. ئەو بەردە گەورەیەی کە سندوقی یەزدانیان لەسەر دانا هەتا ئەمڕۆ شایەتییە، لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ماوە.

19بەڵام یەزدان لە پیاوانی بێت‌شەمەشی دا، حەفتا کەسیان مردن چونکە تەماشای ناو سندوقی یەزدانیان کرد. ئیتر گەل شیوەنیان گێڕا، چونکە یەزدان لێدانێکی گەورەی لە گەل دا. 20ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەش گوتیان: «کێ دەتوانێت لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری پیرۆز ڕابوەستێت؟ لەلای ئێمەوە بۆ لای کێ سەردەکەوێت؟»

21ئیتر نێردراوانیان بۆ لای دانیشتووانی قیریەت یەعاریم نارد و گوتیان: «فەلەستییەکان سندوقی یەزدانیان گەڕاندەوە. دابەزن و بۆ لای خۆتان سەری بخەن.»

Copyright information for CkbKSS